فه يسبووك

ناونیشانی ئەنجومەنی دادوەری

الخميس نيسان 4 2018 - 06:48
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم سكاڵای یاسایی له‌دژی كه‌ناڵی ئێن ئار تی تۆمار ده‌كات


03/05/2017
1236 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
دوای ئه‌وه‌ی كه‌ناڵی ئێن ئار تی راپۆرتێكی له‌سه‌ر گرتنی تاوانبارێك كه‌ گوایه‌ به‌ تۆمه‌تی دزینی شیر و دایبی منداڵ ده‌ستگیركراوه‌، تێیدا ناڕاستی و چه‌واشه‌كارییه‌كی زۆری ده‌رهه‌ق به‌ دادگای كه‌ركوك-گه‌رمیان و سه‌رۆكه‌كه‌ی كراوه‌، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی داوه‌ری هه‌رێم له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌ رۆژی 3/5/2017 به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و ئه‌ندامان و ته‌واوی سه‌رۆكی دادگاكانی تێهه‌لچوونه‌وه‌ی ناوچه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی و كه‌ركوك-گه‌رمیان، داواكارییه‌كی سه‌رۆكی دادگای كه‌ركوك-گه‌رمیانی خسته‌ڕوو كه‌ تێیدا به‌ تێرو ته‌سه‌ل باسی راستیه‌كانی گرتنی تاوانباره‌كه‌و ئه‌و كه‌یسانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر دزیكردن حوكمدراوه‌، كراون. له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆكی دادگای كه‌ركوك-گه‌رمیان راستی و دروستی بابه‌تی گرتنی ئه‌و تۆمه‌تباره‌و هه‌روه‌ها زۆربه‌ی ئه‌و كه‌یسانه‌ی كه‌ تۆمه‌تباری ناوبراو ئه‌نجامیانداوه‌و ئێن ئار تی ته‌نیا به‌ شیر و دایبی منداڵه‌وه‌ ناوی بردووه‌، خسته‌ڕوو و داواشی كرد به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی سكاڵا له‌سه‌ر كه‌ناڵی ئێن ئار تی تۆمار بكرێت.
سه‌رۆكی دادگای كه‌ركوك گه‌رمیان له‌و روونكردنه‌وه‌یه‌دا بۆ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئه‌وه‌ی خستۆته‌ ڕوو كه‌ ئه‌و تۆمه‌تباره‌ به‌ چه‌ندین كه‌یسی دزی تۆمه‌تباره‌و حوكمی بۆ ده‌رچووه‌ بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بڕیاری تۆماركردنی سكاڵای یاسایی له‌دژی كه‌ناڵی ئێن ئار تی و قه‌ره‌بۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌واشه‌كاری و ناوزڕاندنه‌ی كه‌ به‌ دادگای ناوبراوو سه‌رۆكه‌كه‌ی و هه‌روه‌ها داواكاری گشتی هه‌رێم كراوه‌، ده‌كات.
ده‌قی روونكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی دادگای كه‌ركوك-گه‌رمیان كه‌ ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كراوه‌: 
سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به‌ڕێز
به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرتێك له‌لایه‌ن كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی ئێن ئار تییه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ دادگای تاوانه‌كانی كه‌ركوك-گه‌رمیان كه‌سێك به‌ناوی (عامر محه‌مه‌د خورشید) به‌ناحه‌ق سزا داوه‌ به‌ زیندانی كردن بۆ ماوه‌ی (11) ساڵ له‌سه‌ر دزینی قوتویه‌كی شیر و دایبیه‌ك بۆ منداڵه‌ ساواكه‌ی، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ بۆته‌ بابه‌تی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كان و هێرشێكی ناڕه‌وا كراوه‌ته‌ سه‌ر دادگای تاوانه‌كانی كه‌ركوك-گه‌رمیان و خودی سه‌رۆكه‌كه‌ی و هه‌روه‌ها سه‌رۆكی داواكاری گشتی. به‌ڵام راپۆرته‌كه‌ی كه‌ناڵی ناوبراو دووره‌ له‌ راستیه‌وه‌و چه‌واشه‌كارییه‌كی زۆری تێدایه‌و به‌م نووسراوه‌ راستیه‌كان ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌ستی به‌ڕێزتان:
تاوانباری ناوبراو له‌لایه‌ن دادگای تاوانه‌كانه‌وه‌ سزا دراوه‌و بۆ ماوه‌ی (10) ساڵ و (6) مانگ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی دزی كردن له‌ ژماره‌یه‌كی زۆری دووكان و ماڵان له‌ شاری كفری كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه‌یه‌:
1- دزیكردن له‌كاتی شه‌و له‌ دوكانی سابیر ئه‌مین سلێمان و دزینی 100.000 سه‌د هه‌زار دینار كه‌ به‌هۆی ئه‌و دزیه‌وه‌ سزا دراوه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌ پێی ماده‌ 443/خامسا له‌ یاسای سزادانی عێراقی.
2- دزیكردن له‌كاتی شه‌و له‌ دوكانی سه‌ركه‌وت عه‌دنان حه‌سه‌ن و دزینی 100.000 سه‌د هه‌زار دینار كه‌ به‌هۆی ئه‌و دزیه‌وه‌ سزا دراوه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌ پێی ماده‌ی 443/خامسا له‌ یاسای سزادانی عێراقی
3- دزی و بڕینی دوكانی رێبوار عزه‌دین له‌ كاتی شه‌و و دزینی 50.000 په‌نجا هه‌زار دینار كه‌ سزا دراوه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌ پێی ماده‌ی 443/خامسا له‌ یاسای سزادانی عێراقی 
4- دزیكردن له‌كاتی شه‌و له‌ دوكانی سامان قادر عه‌لی و دزینی دوو مه‌كینه‌ی ریش تاشینی كاره‌بایی كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ سزا دراوه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌ پێی ماده‌ی 443 / خامسا له‌ یاسای سزادانی عێراقی 
5- دزی كرن له‌كاتی شه‌و له‌ ماڵی یاسین محه‌مه‌د سه‌لیم و دزینی 3 بتلی غاز كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سزا دراوه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌ پێی ماده‌ی 443/ خامسا له‌ یاسای سزادانی عێراقی 
6- دزیكردن له‌كاتی رۆژ له‌ ماڵی محه‌مه‌د قادر محه‌مه‌د و دزینی 2 بتلی غاز كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سزا دراوه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌ پێی ماده‌ی 444/اولا له‌ یاسای سزادانی عێراقی 
7- دزی كردن له‌كاتی رۆژ له‌ ماڵی فه‌وزیه‌ قادر و دزینی 2 بتڵی غاز كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سزا دراوه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌ پێی ماده‌ی 444/ اولا له‌ یاسای سزادانی عێراقی 
8- دزیكردن له‌كاتی رۆژ له‌ ماڵی نه‌جاج حه‌سه‌ن حسین و دزینی 2 بتڵی غاز كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سزا دراوه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌ پێی ماده‌ی 444/ اولا له‌ یاسای سزادانی عێراقی 
9- دزین و بڕینی دوكانی عه‌لی مصلح الدین له‌كاتی شه‌و و بردنی كه‌ل و په‌لی دوكانه‌كه‌ی كه‌ به‌هۆی سزا دراوه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌ پێی ماده‌ی 443/خامسا له‌ یاسای سزادانی عێراقی
10- دزیكردن له‌كاتی رۆژ له‌ ماڵی عه‌لی فه‌خره‌دین  و دزینی 2 بتڵی غاز له‌گه‌ڵ دوو مه‌خزه‌ن و ده‌ فیشه‌ك كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ سزا دراوه‌ بۆ ماوه‌ی 6 مانگ به‌ پیی ماده‌ی 446 له‌ یاسای سزادانی عێراقی
11- دزیكردن له‌ كاتی رۆژ له‌ دوكانی سه‌روه‌ر سه‌ردار و دزینی بتڵی غاز كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سزا دراوه‌ بۆ ماوه‌ی 6 مانگ به‌ پێی ماده‌ی 446 له‌ یاسای سزادانی عێراقی
12- دزیكردن له‌ كاتی رۆژ له‌ دوكانی ئه‌یوب ئیبراهیم و دزینی یه‌ك بتڵی غاز له‌گه‌ڵ شیشی چیمه‌نتو و سه‌ب كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سزا دراوه‌ بۆ ماوه‌ی 6 مانگ به‌ پێی ماده‌ی 446 له‌ یاسای سزادانی عێراقی
13- دزیكردن له‌ كاوه‌ مه‌دحه‌ت قادر به‌ڵام له‌و كه‌یسه‌دا ئیفراج كراوه‌
ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌و داوایانه‌ن كه‌ كۆتاییان پێ هاتووه‌ چونكه‌ چه‌ند داوایه‌كی دیكه‌ی ماوه‌ و له‌به‌ر ده‌ستدایه‌.  بۆیه‌ داوا له‌ به‌ڕێزتان ده‌كه‌م كه‌ سكاڵایه‌ك دژ به‌ كه‌ناڵی ئێن ئار تی تۆمار بكرێت و داوای قه‌ره‌بۆیان لێ بكرێت. بۆ زانیاری، داواكان پله‌ی كۆتاییان وه‌رنه‌گرتووه‌و تاوانبار ده‌توانێ تانه‌یان لێ بدات.
ئه‌كره‌م فه‌ره‌ج ئه‌مین
سه‌رۆكی دادگای تێهه‌لچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی كه‌ركوك گه‌رمیان
2/5/2017
بۆ زانیاری كۆی حوكمه‌كان له‌و كه‌یسانه‌دا ده‌كاته‌ 10 ساڵ و 6 مانگ و ئه‌وه‌ نیه‌ تاوانباره‌كه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر دزی شیر و ده‌یبی منداڵ (كه‌ هه‌روه‌ك راپۆرته‌كه‌ی ئێن ئار تی) ئاماژه‌ی پێیداوه‌ حوكمی بۆ ده‌رچووبێت.  هێشتا ده‌ كه‌یس دیكه‌ی دزیكردن له‌سه‌ر تۆمه‌تباری ناوبراو هه‌یه‌ كه‌ له‌ قه‌یدی دادگاییكردندان و هێشتا حوكمیان بۆ ده‌رنه‌چووه‌.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریش، به‌ كۆی ده‌نگی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بڕیار درا به‌ تۆماركردنی سكاڵا له‌دژی كه‌ناڵی ئێن ئار تی به‌هۆی چه‌واشه‌كاری و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری ناراست و ناوزڕندانی دادگای كه‌ركوك-گه‌رمیان و سه‌رۆكی ئه‌و دادگایه‌و هه‌روه‌ها و داواكاری گشتی هه‌رێم.
راگه‌یاندنی یاسایی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان